ڕێزگرتن لە یادی سەد ساڵەی لەدایکبوونی محێدین حەقشناس شاعیری ناسراوی کورد و خاوەنی بەرهەمی “شارەکەم سنە”
رۆژی چوارشەممە ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران و شاعیران و هونەرمەندان و ئەدەب دۆستان، لە ساڵۆنی سینەما بەهمەنی شاری سنە، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی یادی سەد ساڵەی لە دایکبوونی شاعیری کورد، محێدین حەقشناس بەڕێوە چوو.
مامۆستا محێدین حەقشناس، لە ٢٢ی بەفرانباری ساڵی ١٣٠٣ی هەتاوی لە گەڕەکی قەتارچیانی شاری سنە چاوی بە ژیان هەڵێنا. لە ماوەی تەمەنی پڕ پیت و بەرەکەتی ٨٩ ساڵەی خۆیدا، چەندین بەرهەمی کوردی و فارسی لێ بە یادگار ماوەتەوە کە زۆرتر لەسەر شێوازی ژیانی خەڵکی کوردستان و بیرەوەرییەکانی سەردەمانی پێشووی کوردستان و سنە نووسراون، کە لە بەناوبانگترینیان دەتوانین ئاماژە بە بەرهەمی “شارەکەم سنە” بکەین.
مامۆستا حەقشناس لە ٢٣ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویی لە شاری سنە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
شایەنی باسە، لەو ڕێوڕەسمەدا هونەرمەندی خۆشەویست و ناسراوی کورد، عادڵ نادری بەرهەمی ناسراو و بەناوبانگی “با سیروان بمبا”ی پێشکەشی ئامادەبووان کرد. هەروەها گرووپی “دایکانی ژین” چەند بەرهەمێکیان پێشکەش کرد و دواتر خەڵاتی ڕێزلێنان بەسەر ژمارەیەک کەسایەتی بە بەهرە و هەڵکەوتوو، لەوانە ئەندازیار ڕەزا محەممەدی، کە خەڵاتی باشترین و لێهاتووترین ئەندازیاری بواری کارەبای لەسەر ئاستی ئێران پێبەخشترابوو، دابەشکرا.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.