پەیامی پڕۆفیسۆر محەمەد کەماڵ براوەی تایبەتی بەشی فەلسەفەی خەڵاتی قەڵەمی هەژار
بەڕێزان
لەسەرتاوە سوپاستان دەکەم. هیواخوازم خەڵاتی قەڵەمی هەژار بەتایبەتی بۆ نووسەرە لاوەکانمان ببێتە هاندەر تاکو لە بوارەکانی هزر و ئەدەبدا قووڵتر ببنەوە و بەرهەمی زۆرتریان هەبێت.
بەرێزان
ئێمەی کورد دەبێت لە خۆمان بپرسین؛ چی پێویسییەکمان بە بیرکردنەوەی فەلسەفی هەیە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە گوتەیەکی نۆڤالیس دەهێنمەوە، کە دەڵێت، “فەلسەفە خەم و تاسەی دووری نیشتمانە”. ئەم نیشتمانەی فەلسەفە تاسەی دەکات خودی بوونە. سەرباری ئەمە، فەلسەفە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و داهێنەرانەیە. پێویستە مرۆڤی کورد ڕەخنەگرانە و داهێنەرانە بیر لە بوونی بکاتەوە. لەسەر شێوازی بنەمای ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە دەتوانێت خۆی لە(عەقڵییەتی کۆیلایەتی) ڕزگاربکات و ڕەسەنانە لە واتای بوونی تێبگات.
پێشخستنی بیرکردنەوەی فەلسەفی بە زمانی کوردی ئەرکی مێژوویی ئەمڕۆمانە. من لەم بەرپرسێتییە مێژووییەوە و بۆ شکستهێنان بەو هەوڵدانەی مرۆڤی کورد بە کەم و زمانەکەی بە ناجۆر و خێڵەکی لەئاستی نووسینی دەقی فەلسەفی و زانستانەدا دادەنێت، تێکۆشاوم و بە زمانی کوردی بێترس بیرم لە بوون و واتای بوون کردۆتەوە. لەم ئەزمونەی ژیانی بیرکرنەوەمەوە بە دوو ڕاستی گەیشتووم:
یەکەم، ئەوانەی زمانی کوردی بۆ دەربڕین و نووسینی دەقە فەلسەفییەکان بە ناجۆر و کەم دادەنێن دەیانەوێت مرۆڤی کورد لە نێو (عەقڵییەتی کۆیلایەتییدا) گیرخواردوو بکەن تاکو بوونی خۆی نەناسێ و لە زمان و نیشتمانی نامۆبێت.
دووەم، بیرکردنەوە و نووسین تەواوکەری یەکدین. ئەگەر مرۆڤ فەلسەفییانە بیربکاتەوە دەتوانێت فەلسەفییانە بنووسێت. ترس لە بیرکردنەوە رێگرتنە لە گەشەکردنی زمان. گەشەکردنی زمان هاوشانی بیرکردنەوە دەڕوات. ئەگەر مرۆڤی کورد بوونی خۆی و زمانی بە کەم و نزم لەئاستی زمانەکانی دیکەدا دابنێت و لە بیرکردنەوەی فەلسەفی بترسێت، هەرگیز ناتوانێت مێژووی خۆی ڕەسەنانە تۆمار بکات و باربووی بۆ شارستانییەت هەبێت.
گەڕانەوە بۆ نیشتمان و نیشتەجێبوون لەنێو زماندا دەرچوونە لە عەقڵییەتی کۆیلایەتی بە زۆر سەپێنراو. بۆ ڕزگاربوون لەم جۆرە عەقڵییەتە ئەمڕۆ لە هەموو سەردەمێک زۆرتر پێویستیمان بە بیرکردنەوەی فەلسەفییە.
جارێکی دی سوپاستان دەکەم و لە گەشەپێدان بە باری ڕۆشنبیری و زمانی کوردی سەرکەوتووبن.
محەمەد کەمال
ماڵبۆرن/ئوسترالیا