خانه / اخبار و رویدادها / پانێلی (ئەدەبیات و کارەسات) لە مەریوان بەڕێوە چوو

پانێلی (ئەدەبیات و کارەسات) لە مەریوان بەڕێوە چوو

پانێلی (ئەدەبیات و کارەسات) لە مەریوان بەڕێوە چوو

کومیتەی ئەدەبیاتی “ڕۆژەڤ” ناوەندی زانستی ڕۆنان.لە درێژەی زنجیرە کۆڕە ئەدەبییەکانیدا.دوێنێ چوارشەممە ۲۵ ی پووشپەڕ سەعات ۵ ی ئێوارە، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە نووسەران و خوێنەرانی چالاکی ئەدەبیات و کۆمەڵناسی لە ساڵۆنی موجتەمع فەرهەنگی هونەری مەریوان، دوازدەهەمین پانێلی خۆی تایبەت کرد بە پرسی ( ئەدەبیات و کارەسات ) بە بەشداری و باس و لێکدانەوەی دوو شاعیر و ڕەخنەگری ئەدەبی ” کەماڵ شەنگالی و محەمەد موەفەقی “.

٭ لە سەرەتای دانیشتنەکەدا ” ڕەووف مەحموود پوور ” شاعیر و لێکۆڵەری ئەدەبی و ئەندامی چالاکی ” ڕۆژەڤ ” وەک بەڕێوەبەر و کۆڕگێڕ پاش بە خێرهاتنی ئامادەبووانی کۆڕەکە و ناساندنی پانێلیستەکان، هەندێک باس و خواسی سەبارەت بە پێوەندیی نێوان ئەدەبیات و کارەساتی هێنایە ئاراوە.

سەرەتا بەڕێز ڕەئووف مەحموودپوور، باسێکی کورتی سەبارەت بە گێڕانەوە و شێواز و جۆرەکانی گێڕانەوە پێشکەش کرد. جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە گێڕانەوە لە ڕێگای ئەدەبیات و هونەرەوە کاریگەرتر و باس‌هەڵگرترە. چوونکوو ڕیشەیەکی بە هێزی ئەدەبیات و هونەر لە ناخی سووننەتەوە گەشە ئەکات. سووننەتێک کە بە واتەی فرانسیس بیکەن وەک بوتە زەینییەکان و بە واتەی هێگل وەک ڕۆحی نەتەوە یان بە واتەی یونگ وەک ناخودئاگای گشتیی لێک دراوەتەوە. هەر بۆیە ئەوترێت ئەدەبیات ڕۆحی نەتەوەیە یان ئەدەبیات ڕۆحی تاکەکانی نەتەوە پێکەوە ئەبەستێتەوە.لە لایەکی دیکەشەوە مرۆڤ قەد لە دەستی ڕەنج و کارەسات ڕەزگاری نەبوە و نابێت.

پاشان پانیلیستی یەکەم ڕێزدار ” کەماڵ شەنگالی “ٚ بۆ دەسپێکی باسەکەی سەبارەت بە جوانیناسی ڕەنج و گێڕانەوەی ڕەنج و کارەسات بە ئاماژە کردن بە گێڕانەوەکان لە زمانی شایەتحاڵەکانەوە وەک نموونە بۆ باسەکەی خۆی، ئاماژەی بە بیرەوەرییەکانی ” ئانائاخماتووا ” ی شاعیری ڕووس لە سەردەمی ستالین و ” تەیموور عەبدووڵا ” ناسراو بە تەیمووری ئەنفال و هاوکات بیرەوەری پۆل سێلان لە کارەساتی ئۆردگای نازییەکان و بە تیشک خستنە سەر وتە بە ناوبانگەکەی ئادۆڕنۆ سەبارەت بە ” هۆنینەەوەی شیعر پاش ئاشۆیتس جۆرێک وەحشیگەرییە ” دواتر خوێندنەوە و لێکدانەوەی هێربێرت مارکۆزە لەم تێزەی ئادۆڕنۆ و موقەییدکردنی بە وشەی لیریک و پاشان تیۆر و بۆچوونی ئاگامبێن لە کتێبی ” پاشماوەکانی ئاشۆیتس” سەبارەت بە جۆرەکانی شایەتحاڵ لە گێڕانەوەی کارەساتدا و ناو هێنانی شەیەتحاڵی راستەقینە کارەساتی ئاشۆیتس بە موزیلمان و هۆمۆساکار و ڕزگاربووەکانیش بە شایەتحاڵی دووەم کە پریمۆلۆی بە لال بوون ناویان دەبات. هاوکات شەنگالی له سێ ڕوانگەی جیاوازەوە و بە تیشک خستنە سەر تیۆر و تێزەکانی ( جۆرجۆ ئاگامبێن ، پریمۆلۆی، بلانشۆ و هێربێرت مارکۆزە ) سەبارەت بە گێڕانەوەی کارەسات و لەولاتریش له ڕوانگەی فەلسەفەی ئەخلاقەوە تیشکی خستە سەر جوانیناسی ڕەنج و باسەکەی خۆی بەرەو پێش برد و لە ئەنجامدا باسی دوو جۆر ئەزموونی گێڕانەوەی کارەساتی کرد و هونەر و ئەدەبیاتی وەک بگێڕەوەری ڕاستەقینەی کارەسات ناوهێنا.

دواتر ” محەمەد موەفەقی” شاعیر و ڕەخنەگر لە درێژەی باسی جوانیناسی ڕەنجدا لە چەند گۆشەنیگاوە ئاوڕی دایەوە لە جوانیناسی ڕەنج و باسی دیالکتیکی نێوان دوو وشەی لێکدژی جوانی و ڕەنج کرد و بە ئاماژکردن بە جۆرەکانی گێڕانەوەی ڕەنج لە کتێبی موقەددەسی تەورات و ئینجیل و سەفەری پەیدایش و لە ڕوانگەی فەلسەفەی ئیلاهیاتی و تێزە ئایینەکانی بوودیسم و عیرفانی شەرقی باسەکەی برده پێشەوە و سەبارەت بە تەوەری [ نووسین لەسەردەمی تارماییدا ] بە خوێندەنەوە و ئاوڕدانەوە لە تێز و تیۆر و بۆچوونەکانی کافکا و بلانشۆ هەندێک باس و خواسی فەلسەفی و ئەدەبی هێنایە ئاراوە.

٭ پاش تەوابوونی پانێلەکە. کە زیاتر لە یەک سەعاتی خایاند. ئامادەبووانی کۆڕەکە بە ورووژاندنی هەندێک پرس و بابەتی جیاواز و ڕەخنە لە کۆی باس و خواسەکان گفتگۆیەکی جیدی بۆ قسە و باسی زیاتر هاتە ئاراوە.

٭ ئەو دۆستانەی سەبارەت بە مژاری کۆڕەکە ئامادەی ڕەخنە و باس و لێدوانی جیدی بوون. بریتین بوون لە بەڕێزان ( عادڵ موحەممەد پوور، حەمەی کەریمی، ڕەحمان هوشیاری، حامد بەهرامی، پووریا موستەفایی، ،کاروان شوکری، سابیر عەزیزی، فارۆق سەعید زادە شیلان یووسفی و … )

بەشداری نووسەران و خوێنەرانی چالاکی ئەدەبیات لە کۆڕ و پانێلە ئەدەبییەکاندا، دەبێتە هۆکاری گەشەسەندنی ئەدەبیات ورووژاندنی پرس و بابەتی جیاواز و سازکردنی گوتاری ڕەخنەیی.

بە هیوای بەردەوام بوون  و هەوڵی جیدی و داهێنەرانە لە پێناو هونەر و ئەدەبیاتدا.

https://t.me/rojev03

کومیتەی ئەدەبیاتی ” ڕۆژەڤ ” ناوەندی زانستی- کولتووریی ڕۆنان.

۲۶ ی پووشپەڕی ۰۴ ی هەتاوی.

ن: حەمەی کەریمی بەرپرسی ” ڕۆژەڤ “

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

سرپرست اداره کتابخانه‌های عمومی شهرستان سنندج معرفی شد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *